IT Essentials

CPU

بریتیە لە چەق و سەرەکیترین پارچەی کۆمپیوتەر کە هەڵدەستێت بە ئەنجامگەیاندنی پڕۆسەکانی هەژمارکردن و بەڕێوەبردنی پارچەکانی دیکە. 'سی پی یو'ـە نوێیەکان کە تاوەکوو ساتی نووسینی ئەم بابەتە (ساڵی ٢٠٢٥) بەردەست و بەرهەم دەهێنرێن، زۆر ئاڵۆزن و بە ملیارەها تڕانزیستەر لەخۆ دەگرن. (وەک وێنەیەکی سەرەتایی بیهێنە بەرچاوت کە ماڵێکی گەورەت هەبێت و ملیارەها سویچ پلاکی گڵۆپ لەخۆ بگرێت کە پێکەوە یاخود بە جیاواز دابگیرسێن یان بکوژێنەوە). خێرایی و توانایی ئەم پارچەیە زۆر گرنگە بۆ سەرجەم کارەکانی ڕۆژانە کە بەکارهێنەر ویستی لەسەریەتی، هەر لە گەڕانی ئینتەرنێتەوە بیگرە تاوەکوو دەستکاریکردنی فایل، ئیدیتی ڤیدیۆ، کاری گرافیک و دیزاین، یاریکردن و توێژینەوە زانستیەکان.

CPU Socket

ئەو دەرچەیەی مەزەربۆردە کە مێشکی کۆمپیوتەر لەخۆ دەگرێ. ئەم ئینتەرفەیسە دوو کاری گرنگ ئەنجام دەدات لە هەمان کاتدا:

-پەیوەندی فیزیکی نێوان مەزەربۆرد و پڕۆسێسەر دروست دەکات.
-کارەبا (وزە) بۆ پڕۆسێسەر دابین دەکات.

جۆری ئەم دەرچەیە زۆر گرنگە و یەکلایی دەکاتەوە کە مەزەربۆردەکە پشتگیری لە چ پڕۆسێسەرێک دەکات.
بە نموونە دوو سەرەکیترین بەرهەمهێنی سی پی یو کە (Intel و AMD)ین، هەر یەکێکیان و بەجیا دەرچەیەکی جیاوازی هەیە.

واتە سۆکێتەکەت دیاری دەکات کە چ پڕۆسێسەرێک هەڵدەبژێریت لە ئێستەدا، و لە داهاتووشدا ئەگەر نیازی ئەپگرەیدیت هەبوو.

CPU Cooler

لەکاتی کارکردنی سی پی یودا بەهۆی گواستنەوە و سەرفکردنی وزەوە گەرمی پەیدا دەبێت کە دەکرێت ببێتە هۆی ناجێگیری لە سیستەمەکە، یاخود بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری پلەی گەرمی (thermal throttling) یان تەنانەت زیانگەیاندن بە خۆی و پارچەکانی دیکەش، ئەگەر بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرێت و سارد نەکرێتەوە.

ساردکەرەوە ڕێک هەڵدەستێت بەئەنجامدانی ئەم ئەرکە و بەگشتی دوو جۆری سەرەکی هەیە:

-ساردکردنەوە بە هەوا (Air cooling)
-ساردکردنەوە بە ئاو (Liquid cooling)

هەڵبژاردنی ساردکەرەوەیەکی گونجاو پشت دەبەستێت بە چەند تایبەتمەندییەک:

-ئاستی دەنگی ساردکەرەوەکە.
-ئاستی بەکارهێنانی بەکارهێنەر.
-ئەوپەڕی پلەی گەرمی پێشبینیکراو (Thermal Design Power)

CPU Architecture

بریتییە لەو نەخشەیەی کە بۆ CPU دادەنرێت تاوەکوو لەسەری کار بکات. بیهێنە پێش چاوت کە تەلارسازێک پێش دروستکردنی بینایەک هەڵدەستێت بە کێشانی نەخشەیەکی شین و هەژماری سەرجەم وردەکارییەکان دەکات، بەهەمان شێوە پڕۆسێسەرەکانیش تەلارسازی خۆیان هەیە و هەر کۆمەڵێکیان کاری پێدەکەن.
بەناوبانگترین تەلارسازیەکان کە تاکو ساڵی ٢٠٢٥ بەردەست و بەربڵاون بریتین لە: x86, x64, ARM.
هەر یەکێک لەو تەلارسازیانە خاڵی بەهێز و لاوازی هەیە لەڕووی بەردەستخستنی زۆرترین کارایی بە کەمترین وزە (وات)، و ئاڵۆزی و پشتگیریکردنیان لەڕووی سۆفتوێرەوە.
تێگەیشتن لە تەلارسازی پرۆسێسەرەکان زۆر گرنگە، چونکە بە فێرخواز دەڵێت کە بۆچی هەندێک پڕۆسێسەر بەهێزترن لە هەندێکی دیکە، و بۆچی هەندێکیان باشترن بۆ کۆمەڵێ ئامێری تایبەت.
بە نموونە تەلارسازی ARM زۆر سەرنجی لەسەر بەکارهێنانی کەمترین وزەیە و باشترین هەڵبژاردەیە بۆ ئامێرە گوازراوەکانی وەک مۆبایل و لاپتۆپ.

CPU characteristic

شارەزابوون و تێگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی سی پی یو وا دەکات فێرخواز بتوانێت لە توانا و هێزی پڕۆسێسەرێک تێبگات و بەراوردی بکات، کە ئەوانیش چەند دانەیەکی سەرەکین:

-ژمارەی ناوک (Core). 
ژمارەی ناوکی سەربەخۆیە لەناو هەر پڕۆسێسەرێکدا کە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو کە لەلایەن سیستەمەوە پێی دەسپێردرێت.
کۆری زیاتر ڕێگە بە پڕۆسێسەر دەدات کە چەندین کار پێکەوە و لە هەمان کاتدا بە کارامەیی و توانای بەرز ئەنجام بدات.
سی پی یو مۆدێرنەکان ڕێژەی کۆرەکانیان لەنێوان ٢ بۆ چەندین دانە بێت (٢،٤،٨،١٢،١٦،٣٢).

-clock speed (خێرایی) 
ڕێژەی خولەکان دیاری دەکات کە پڕۆسێسەر لە چرکەیەکدا ئەنجامی دەدات.
بە گێگا هێرتز دەپێورێت و بەگشتی تاوەکوو بەرزتر بێت واتە پڕۆسێسەرەکە بەهێزترە.

-cache (کاش)
میمۆرییەکی خێرایی بەرزە کە یارمەتی پڕۆسێسەر دەدات تاوەکوو  داتاکان لە میمۆریی سەرەکیی سیستمەکەوە (RAM) کە خاوترە، وەربگرێت بۆ کار لەسەرکردن.
لەگەڵ پڕۆسێسەردا دروست دەکرێت و بەشێکە لێی و قەبارە و خێرایی جیاوازی هەیە. (L3, L2, L1)

-TDP لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا.

-Thread ثرێد.

-Multi Threading /Hyper Threading

تایبەتمەندیەکی پڕۆسێسەرە ڕێگە دەدات بە ناوکە فیزیکییەکان کە چەند ئەرکێک لە هەمان کاتدا بەڕێوەبەرن.
ئەمەش وا دەکات کۆمپیوتەرەکان بە تواناییەکی باشتر کار بکەن.
 

-مەڵتی ثرێدینگ:

کۆمەڵێ فەرمان (یاخود بنەما)ی سۆفتوێریە کە ناوکەکان ڕێنوێنی دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ داتاکان بکەن، کە ئەمەش وادەکات کاری خوازراو لەلایەن بەکارهێنەرەوە لەلایەن چەندنین ناوکەوە ئەنجام بدرێت پێکەوە.

-هایپەر ثرێدینگ:

شێوازێکی جێبەجێکردنی تایبەتی کۆمپانیای ئینتێڵە کە هەندێ جار بۆ تایبەتمەندی SMT ی کۆمپانیای AMD یش بەکاردێت.
تایبەتمەندیەکی هاردوێرییە کە وا لە هەر تاکە کۆرێک دەکات بە دوان دەربکەوێت بۆ سیستەمەکە. هەرچەنە بە هەمان ئاستی کۆرە ڕاستەقینەکان نا، بەڵام ئەم تایبەتمەندییە وا دەکات مەڵتی تاسکینگ (یاخود ئەنجامدانی چەند کارێک لە هەمان کاتدا) و کارکردنی ئەو ئەپڵیکەیشنانەی پێویستیان بەم تایبەتمەندیەیە باشتر و خێراتر بن.

-Virtualization Support پشتگیریکردنی ڤێرچواڵیزەیشن

تایبەتمەندییەکی هاردوێری پڕۆسێسەرە مۆدێرنەکانە، ڕێگەدەدات پێیان کە ئامێرە ڤێرچواڵەکان (VM) کار پێبکەن لەڕێی هایپەرفایزەرەکانەوە Hypervisor، بە توانایی و سیکوریتی باشتر.  مەبەست لە ئامێرە ڤێرچواڵەکان سیستەمێکی میوانی ناهاردوێرییە کە پێی دەوترێت میوان یان Guest، کە جودا لە سیستەمی سەرەکی لە هەمان ئامێردا کاردەکات. 
نموونەی ئەم تەکنەلۆجیایانە وەک Intel VT-X و AMD-V.
بەبێ بوونی ئەم تایبەتمەندییە کارکردنی سێرڤەرەکان، کڵاود کۆپمیوتینگەکان، تێستکردن و پەرەپێدانی سۆفتوێرەکان زۆر زەحمەت دەبێت.
ئەم تایبەتمەندییە بەگشتی دەبێت لەڕێی BIOSـەوە بە تایبەت بخرێتە کار.