Network

گواستنەوەی داتا لە نێوان ڤیلانەکاندا

پەیوەندیی نێوان ڤیلانەکان

سویچی لان فرەیمەکان بە پشتبەستن بە لۆژیکی چینی دووەم دەنێرێت. ئەمەش واتە، کاتێک سویچێک فرەیمێکی ئیثەرنێت وەردەگرێت، سەیری ناونیشانی ماکی مەبەست دەکات و فرەیمەکە دەنێرێتە دەرەوە بۆ ئینتەرفەیسێکی تر یان چەندین ئینتەرفەیس ئەگەر فرەیمێکی BUM  بێت. ئەم جۆرە سویچە زۆرجار پێی دەوترێت سویچی چینی دووەم (Layer 2 switch). 

لۆژیکی گواستنەوە لە چینی دووەم بەپێی ڤیلان ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە لە وێنەی یەکەمدا، هەموو یوزەر و ئامێری بەکارهێنەران لەلای چەپ لە VLAN10 ڕێکخراون کە دۆمەینی پەخشی جیاوازە و نێتۆرکێکی لاوەکی جیاوازە. سێرڤەرەکانی لای ڕاست لە VLAN20 ڕێکخراون و لە دۆمەینی پەخشی خۆیان و جیاوازن لە ڤیلانی 10. 

لەبەر ئەوەی VLAN10 و VLAN20 دۆمەینی پەخشی جیاوازن، فرەیمەکانی ڤیلانێک هەرگیز دزە ناکەن بۆ ڤیلانەکەی تر. بۆیە سویچەکە وەک دوو سویچی جیاواز کاردەکات وەک لە وێنەی یەکەمدا دیارە.

ڕێڕەوکردن لە نێوان ڤیلانەکان بە ڕاوتەر

بۆچی بمانەوێت ڤیلانەکان پەیوەندی بکەن لەکاتێکدا خۆمان جیامان کردوونەتەوە و ویستوومانە دۆمەینی پەخشەکانیان جیابێت؟

چونکە، ئێمە تەنیا دەمانەوێت کارەکەمان وردتر بکەین و نامانەوێ بۆ هەر فرەیمێک دەیان ئامێر ئاگادار بکرێنەوە لەکاتێکدا پێویستیان نییە. لە کۆتاییدا کاتێک نێتۆرکەکان دیزاین دەکەین، دەمانەوێت پەیوەندی لە نێوان هەموو ئامێرەکاندا هەبێت. بە پەیڕەوکردنی ئەو لۆژیکە کە لە وانەکانی پێشوودا فێری بووین، کە ڤیلان = دۆمەینی پەخش = سەب نێتۆرک 

بۆ چالاککردنی پەیوەندی لە نێوان دوو ڤیلان واتە چالاککردنی پەیوەندی نێوان سەب نێتۆرکەکانی ئایپی (بە ئایپی ئەدرێس نێتۆرکەکان جیاکراونەتەوە)،  بۆیە پێویستە ئامێرێکمان هەبێت کە وەک ڕاوتەر کار بکات. دوو چارەسەر هەیە، دەتوانین ڕاوتەرێکی ڕاستەقینە بەکاربهێنین بۆ ئەنجامدانی ڕێڕەوکردن، یان سویچەکە خۆی دەتوانێت کاراییەکانی ڕێڕەوکردن ئەنجام بدات. ئەو سویچانەی کە دەتوانن ئەرکەکانی ڕێڕەوکردنی چینی سێیەم ئەنجام بدەن پێیان دەوترێت سویچی چینی سێیەم (Layer 3 switches) یان سویچی فرە چین (Multilayer switches). 

لەم نموونەیەی خوارەوەدا ئێمە ڕاوتەرێک بەکاردەهێنین بۆ ڕێڕەوکردنی داتا لە نێوان VLAN10 و VLAN20 . ڕاوتەرەکە یەک ئینتەرفەیسی فیزیکی هەیە کە بەستراوەتەوە بە سویچپۆرتێک لە VLAN10  و یەک ئینتەرفەیسی فیزیکی بەستراوەتەوە بە سویچپۆرتێک لە VLAN20 ، بەم شێوەیە ڕاوتەرەکە یەک ئینتەرفەیسی لە سەب نێتۆرکی (192.168.1.0/24) و یەک ئینتەرفەیسی لە سەب نێتۆرکی (10.1.0.0/24) هەیە و ئەو کارە دەکات کە هەموو ڕاوتەرەکان دەیکەن کە بریتییە لە ڕێڕەوکردن و ڕەوانەکردنی پاکێتەکان لە نێوان نێتۆرکە جیاوازەکان.

خراپی ئەم ڕێگایە بۆ ناردنی داتا لە نێوان ڤیلانەکان ئەوەیە کە ڕاوتەرەکە دەبێت ئینتەرفەیسی فیزیکی بۆ هەموو ڤیلانێک هەبێت. نموونەی سەرەوە بژاردەیەکی دیزاینی جێبەجێکراوە، بەڵام ئەگەر بۆ نموونە زیاتر لە 10 ڤیلانمان هەبێت دیارە بە باشی قەبارەی نابێت چونکە دەبێت 10 ئینتەرفەیسمان هەبێت، ئەی ئەگەر 50 ڤیلان بوو؟. 

ڕێکخستن و پشتڕاستکردنەوەی ئینتەرڤیلان

با سەرەتا بزانین کە ئایا هەموو شتێک بە دروستی لەسەر سویچەکە ڕێکخراوە یان نا. ئێمە چوار کڵاینتمان هەیە لە VLAN10 (بەکارهێنەران) و بۆ سێرڤەرەکان لە VLAN20 (سێرڤەرەکان) کە بەستراوەتەوە وەک لە وێنەی ٣ دا دیارە.