ئامێرەکانی نێتۆرک بریتین لە ئامێرە فیزیکیەکان کە ڕێگە بەو ئامێرانە بدەن پەیوەندی لەگەڵ یەک بکەن کە بەکارهێنەران بەکاریان دێنن، وەک کۆمپیوتەر و پرێنتەر و مۆبایل. ئامێرەکانی نێتۆرک وەک ڕیپیتەر، ڕاوتەر، سویچ و بریج، و گێتوەی یارمەتی بەڕێوەبردن و ئاراستەکردنی ڕۆیشتنی داتاکان دەدەن لە نێتۆرکێکدا. ئەوان پەیوەندییەکی کارا لە نێوان ئامێرە بەستراوەکاندا مسۆگەر دەکەن لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی گواستنەوەی زانیاری و بەرزکردنەوەی سیگناڵەکان و بەستنەوەی نێتۆرکە جیاوازەکان. هەر ئامێرێک ڕۆڵێکی دیاریکراو دەبینێت، لە پێشکەشکردنی داتا سادەکانەوە تا ڕێڕەوی ئاڵۆز لە نێوان نێتۆرکەکاندا. لەم بابەتەدا بە وردی باس لە جۆرە جیاوازەکانی ئامێری نێتۆرک دەکەین.
ئامێرەکانی نێتۆرک وەک ناوبژیوانێک لە نێوان دوو ئامێردا کاردەکەن بۆ گواستنەوەی زانیاری، و بەم شێوەیە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە کارکردنی نێتۆرکێکی کۆمپیوتەردا. لە خوارەوە چەند ئامێرێکی باوی نێتۆرک کە لە نێتۆرکە مۆدێرنەکاندا بەکاردەهێنرێن لە لیست دانراون:
ئەکسس پۆینت لە نێتۆرککردندا ئامێرێکە کە ڕێگە بە ئامێرە بێ وایەرەکان دەدات، وەک مۆبایلە زیرەکەکان و لاپتۆپەکان، پەیوەندی بە نێتۆرکێکی وایەردارەوە بکەن. نێتۆرکێکی وای فای دروست دەکات کە ڕێگە بە ئامێرە بێ وایەرەکان دەدات پەیوەندی لەگەڵ ئینتەرنێت یان ئامێرەکانی تری ناو نێتۆرکەکەدا بکەن. ئەکسس پۆینتەکان بەکاردەهێنرێن بۆ درێژکردنەوەی مەودای نێتۆرکێک یان دابینکردنی وای فای لەو شوێنانەی کە وای فاییان نییە. بە شێوەیەکی باو لە ماڵ و ئۆفیس و شوێنە گشتیەکاندا دەبینرێن بۆ دابینکردنی ئینتەرنێتی بێ وایەر.
کۆمەڵێک وێنە
ئەکسس پۆینت لە نێتۆرکێکدا چۆنە
ئەکسس پۆینتێک کە بە دیوارەوە هەڵدەواسرێت و ئەگەریش تەڕ ببێت کێشەی نابێت، واتە هەیە ئاوتدۆرە
یەکێک لە باوترین شێوەکانی ئەکسس پۆینت ئەم جۆرەیە
مۆدێم بە modulator/demodulator ناسراوە و ئامێرێکی نێتۆرکە کە بەکاردێت بۆ گۆڕینی سیگناڵی دیجیتاڵی بۆ سیگناڵی ئەنەلۆگ بە فرێکوێنسی جیاواز و ئەم سیگناڵانە دەگوازێتەوە بۆ مۆدێمێک لە شوێنی وەرگر. ئەم سیگناڵە گۆڕاوانە دەتوانرێت لە ڕێگەی سیستەمی کێبڵ و هێڵەکانی تەلەفۆن و میدیای پەیوەندییەکانی ترەوە بگوازرێنەوە. هەروەها مۆدێم بەکاردەهێنرێت بۆ گۆڕینی سیگناڵی ئەنەلۆگ بۆ سیگناڵی دیجیتاڵی. مۆدێمەکان بەگشتی بۆ دەستگەیشتن بە ئینتەرنێت لەلایەن کڕیارانی دابینکەری خزمەتگوزاری ئینتەرنێت (ISP) بەکاردەهێنرێن.
جۆرەکانی مۆدێمەکان
مۆدێم چوار جۆری سەرەکی هەیە:
DSL Modem: هێڵی تەلەفۆنی ئاسایی بەکاردەهێنێت بۆ پەیوەندیکردن بە ئینتەرنێتەوە بەڵام بە بەراورد لەگەڵ جۆرەکانی تر خاوترە.
Cable Modem: لە ڕێگەی کێبڵی تەلەفزیۆنەوە داتا دەنێرێت، ئینتەرنێتی خێراتر لە DSL دابین دەکات.
Wireless Modem: ئامێرەکان بە ئینتەرنێتەوە دەبەستێتەوە بە بەکارهێنانی وای فای، واتە دەتوانێت ئینتەرنێت لەڕێگەی وایفای وەربگرێت و لە ڕێگەی وایفای و کەیبڵیش بیداتەوە.
Cellular Modem: بە بەکارهێنانی سیم کارت پەیوەندی بە ئینتەرنێتەوە دەکات نەک وای فای یان کێبڵ.
دیواری ئاگر یان فایەرواڵ بریتییە لە ئامێرێکی ئاسایشی نێتۆرک کە چاودێری و کۆنترۆڵی ڕۆیشتنی زانیارییەکانی نێوان کۆمپیوتەرەکەت یان نێتۆرکەکەت و ئینتەرنێت دەکات. وەک بەربەستێک کاردەکات، ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بێ مۆڵەت دەکات لە هەمان کاتدا ڕێگە بە تێپەڕبوونی داتا متمانەپێکراوەکان دەدات. فایەرواڵەکان یارمەتی پاراستنی نێتۆرکەکەت لە هاکەر و ڤایرۆس و هەڕەشەکانی تری ئۆنلاین دەدەن بە فلتەرکردنی ترافیک بە پشتبەستن بە یاساکانی ئاسایش کە خۆت دیاری دەکەیت. فایەرواڵ دەشێت ئامێرێکی فیزیکی (هاردوێر)، بەرنامەیەک (سۆفتوێر)، یان تەنانەت خزمەتگوزاری بنچینەیی کڵاود بێت، کە دەتوانرێت وەک SaaS پێشکەش بکرێت.
فایەرواڵێکی کۆمپانیای فۆرتینێت
فایەرواڵێکی کۆمپانیای سۆفۆس
فایەرواڵێکی سیسکۆ
فایەرواڵێکی پاڵۆ ئاڵتۆ (بە زۆرینەی ڕاپرسییەکان بەهێزترینە لە بازاڕدا)
ڕیپیتەر لە چینی فیزیکیدا کاردەکات. کاری ئەو بریتییە لە گەورەکردنی (واتە دووبارە دروستکردنەوەی) ئەو سیگناڵەی کە بۆی دێت و کەمێک لاواز بووە و بەمەش درێژی دەکاتەوە بۆ ئەوەی بگات بەو شوێنەی کە دەیەوێت.
سویچ بریتییە لە پردێکی فرە دەروازە کە دیزاینێکی هەیە دەتوانێت کاراییەکی بەرز پێشکەش بکات و نێتۆرکێک دروست بکات لەنێوان چەندین ئامێر و ئامێرەکانی سەر یەک سویچ هەموو لە یەک نێتۆرکدان. سویچ ئامێرێکی چینی دووەمە. سویچ دەتوانێت پێش ناردنی داتا پشکنینی هەڵە ئەنجام بدات بۆ تێستکردنی داتا، ئەمەش وای لێدەکات زۆر کارا بێت چونکە ئەو پاکەتانە نانێرێت کە هەڵەیان هەیە و پاکەتە باشەکان بە شێوەیەکی هەڵبژێردراو تەنها بۆ دەرچەی دروست دەنێرێت.
جۆرەکانی سویچ
سویچی بەڕێوەنەبراو: ئەم سویچانە دیزاینێکی سادەی (کەیبڵی لێبدە و کار دەکات کە بە ئینگلیزی پێی ئەوترێت (Plug and play))ـیان هەیە و بژاردەی ڕێکخستنی پێشکەوتوو پێشکەش ناکەن. بۆ نێتۆرکە بچووکەکان یان بۆ بەکارهێنان وەک فراوانکردنێک بۆ نێتۆرکێکی گەورەتر گونجاون و بێ کێشەن، بەڵام لە نێتۆرکی گەورەدا کێشە دروست دەکەن بەتایبەت کاتێک ڕێژەیەکی زۆریان بەکاردێت.
سویچی بەڕێوەبراو: ئەم سویچانە بژاردەی ڕێکخستنی پێشکەوتوو وەک VLAN، QoS و بەستنەوەی چەند لینکێک پێکەوە پێشکەش دەکەن. بۆ نێتۆرکە گەورە و ئاڵۆزترەکان گونجاون و ڕێگە بە بەڕێوەبردنی ناوەندی دەدەن و کەسی بەرپرس دەتوانێت بە ئاسانی کاریان لەسەر بکات و ئەوەی دەیەوێت ئەنجامی بدات لەسەریان.
سویچی زیرەک: ئەم سویچانە تایبەتمەندی هاوشێوەی سویچی بەڕێوەبەردراویان هەیە بەڵام بە شێوەیەکی گشتی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ئاسانترە. بۆ نێتۆرکە بچووک و مامناوەندەکان گونجاون.
سویچەکانی چینی ٢: ئەم سویچانە لە چینی Data Linkـی مۆدێلی OSI کاردەکەن و بەرپرسیارن لە پێشکەشکردنی داتا لە نێوان ئامێرەکاندا لەسەر هەمان بەشی نێتۆرک.
سویچەکانی چینی ٣: ئەم سویچانە لە چینی نێتۆرکی مۆدێلی OSI کاردەکەن و دەتوانن داتاکان لە نێوان بەشە جیاوازەکانی نێتۆرکدا ڕێڕەو بکەن. ئەوان پێشکەوتووترن لە سویچەکانی چینی ٢ و زۆرجار لە نێتۆرکە گەورە و ئاڵۆزترەکاندا بەکاردەهێنرێن.
سویچی PoE: ئەم سویچانە توانای Power over Ethernetـیان هەیە، ئەمەش ڕێگەیان پێدەدات کارەبا بۆ ئامێرەکانی نێتۆرک لە ڕێگەی هەمان کێبڵەوە دابین بکەن کە داتاکان هەڵدەگرێت، بۆ نموونە ئەکسس پۆینتێک لە سەقفێک دائەنرێت، پێویست ناکات بۆ هەر ئەکسس پۆینتێک کارەبای جیای لە سەقفەکەدا بۆ ببەین، هەر لە ڕێگەی پۆرتی داتای سویچەکەوە کارەبایشی بۆ دەنێرین.
سویچی گێگابیت: ئەم سویچانە پشتگیری لە خێرایی گێگابیت ئیثەرنێت دەکەن، کە خێراترە لە خێرایی ئیثەرنێتی تەقلیدی.
سویچی ڕاک-ماونتد: ئەم سویچانە بە شێوەیەک دیزاین کراون کە لە ڕاک یان کابینەی نێتۆرکدا دابنرێن و گونجاون بۆ بەکارهێنان لە ناوەندەکانی داتا یان نێتۆرکە گەورەکان.
سویچی سەر مێز: ئەم سویچانە بۆ بەکارهێنان لەسەر دێسکتۆپ یان لە ژینگەیەکی بچووکی ئۆفیسدا دیزاین کراون و بە شێوەیەکی گشتی قەبارەیان بچووکترە لە سویچەکانی سەر ڕاک.
سویچی مۆدیۆلەر: ئەم سویچانە دیزاینی مۆدیۆلەریان هەیە، ئەمەش ڕێگە بە فراوانکردن یان خۆکارکردنی ئاسان دەدات. بۆ نێتۆرک و ناوەندی داتا گەورەکان گونجاون.
ڕاوتەر ئامێرێکە چەند نێتۆرکێک بەیەکەوە کۆنێکت دەکات و بە پشتبەستن بە ئایپی ئەدرێس پاکەت دەنێرێت بۆ ڕێڕەو و شوێنی مەبەست. ڕاوتەر بە شێوەیەکی سەرەکی ئامێرێکی Network Layerـە. ڕاوتەرەکان بە شێوەیەکی ئاسایی LAN و WAN بەیەکەوە دەبەستنەوە و خشتەی ڕێڕەوی نوێکردنەوەی داینامیکییان هەیە کە لەسەر بنەمای تایبەت بڕیار لەسەر ڕێڕەوکردنی پاکەتەکانی داتا دەدەن.
NIC یان کارتی ڕووکاری نێتۆرک بریتییە لە ئەداپتەری نێتۆرک کە بۆ بەستنەوەی کۆمپیوتەر بە نێتۆرکەوە بەکاردێت. لە کۆمپیوتەردا زۆربەی کات خۆی دامەزراوە، هەروەها پەیوەستکەرێکی هەیە بۆ بەستنەوەی کێبڵەکە پێیەوە. کێبڵەکە وەک ڕووکارێک لە نێوان کۆمپیوتەر و ڕاوتەر یان مۆدێمەکەدا کاردەکات. کارتی NIC ئامێرێکی چینی ٢ـە واتە لەسەر هەردوو چینی فیزیکی و بەستەری داتاکانی مۆدێلی نێتۆرکەکە کاردەکات.