Network

OSI Model

مۆدێلی OSI (Open System Interconnection) لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ستانداردکردن (ISO) دروستکراوە، کە دەزگایەکی نێودەوڵەتییە بۆ دانانی ستاندارد. بە شێوەیەک داڕێژراوە کە ببێتە مۆدێلێکی ئاماژە بۆ وەسفکردنی ئەرکەکانی سیستەمی پەیوەندیکردن، واتە بە ئاماژە و هەنگاوەکان ئەوە ڕوون بکاتەوە کە سیستمەکان چۆن پەیوەندی لەگەڵ یەکتری دەکەن و داتایەک چۆن دەگوازرێتەوە لە نێوانیان و چەند هەنگاو دەبڕێت.

مۆدێلی OSI چوارچێوەیەک بۆ دروستکردن و جێبەجێکردنی ستانداردی ئامێرەکانی نێتۆرک دابین دەکات و باس لەوە دەکات کە چۆن بەرنامەکانی نێتۆرک لەسەر کۆمپیوتەرە جیاوازەکان دەتوانن پەیوەندی بکەن بە یەکترییەوە. مۆدێلی OSI حەوت چینە، هەریەکەیان باس لە ئەرکێکی جیاوازی داتا دەکات کاتێک بە نێتۆرکدا دەڕوات.

چینەکان

OSI Seven-Layer Model: Where Does Layer 0 Fit In?

بەزۆری چینەکان لە کۆتا چینەوە ژمارەیان بۆ دانراوە، واتە چینە فیزیکییەکە کە لە خوارترینە بە چینی یەکەم دادەنرێت. زانینی ئەم چینانە و کارەکانیان بۆ تاقیکردنەوە نێونەتەوەییەکان گرنگن و لەکاتی کارکردنیش یارمەتییەکی زۆرمان دەدەن بەتایبەت کاتێک بمانەوێت بزانین کێشەکەمان لە کوێدایە.            

ئەی باشە، مەبەست لەم چینانە چییە؟ پێش هەموو شتێک ئەم چینانە لەلایەن کۆمپانیا جیاوازەکانی نێتۆرکەوە کە کەرەستەی نێتۆرکین دروست دەکەن گرنگی پێ دەدرێت، چونکە کارئاسانی دەکات لەوەی ئامێرەکەیان لەگەڵ ئامێری کۆمپانیایەکی دیکە کاربکات و لە یەکتری تێبگەن. بۆ نموونە هواوی و سیسکۆ، یان مایکرۆتیک و پلانێت.

لێرەدا کورتەیەک لە هەریەک لە چینەکانی مۆدێلی OSI دەخەینەڕوو.

Application Layer

چینى ئەپڵیکەیشن: ئەم چینە نزیکترینە لە بەکارهێنەرەوە. بەرنامەکانی نێتۆرک چالاک دەکات و کارایی ناردن و وەرگرتنی زانیاری لە بەکارهێنەران دابین دەکات. وەک ڕووکارێک لە نێوان بەکارهێنەر و ئەو بەرنامەدا کاردەکات کە بەکارهێنەرەکە بەکاری دێنێت بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانی. چینی ئەپڵیکەیشن خزمەتگوزارییەکانی وەک گواستنەوەی فایل، خزمەتگوزاری پۆست و نامە و چەندانی تر پێشکەش دەکات. پڕۆتۆکۆڵێکی ئەم چینە وەک: Http.

ڕووکاری ئەپڵیکەیشن ڕاستەوخۆ کارلێک لەگەڵ ئەو بەرنامەدا دەکات کە بەکارهێنەر بەکاری دێنێت و زیاتر خزمەتگوزارییە باوەکانی بەرنامەی وێب (Web Application) پێشکەش دەکات. ئەم چینە لە بنەڕەتدا بەرزترین ئاستی سیستەمی OSIـیە، کە ڕاستەوخۆ خزمەتگوزارییەکان بۆ پرۆسەی بەکارهێنان دابین دەکات.

ئەم چینە چەندین جۆر ئەرک ئەنجام دەدات کە پێویستن لە هەر جۆرە بەرنامەیەک یان پرۆسەی پەیوەندیکردندا. ئەمانەی خوارەوە لیستی ئەو ئەرکانەن کە لەلایەن چینی ئەپڵیکەیشنەوە ئەنجام دەدرێن:

Data from User <=> Application layer <=> Data from Presentation Layer

  • ئاسانکارییەک دابین دەکات کە بەکارهێنەران دەتوانن چەندین ئیمەیڵ بنێرن و داتاکانیان هەڵبگرن.
  • ئەم چینە ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بتوانن دەستیان بگات بە فایلەکان لە کۆمپیوتەرێکی دووردا و فایلەکانی بەڕێوە ببەن.
  • ڕێگە بە بەکارهێنەران دەدات بە ڕیمۆت نێتۆرکێک یان کۆمپیوتەرێک بەکاربێنن (Remote host).
  • ئەم چینە دەستڕاگەیشتن بە چەندین سێرڤسی تایبەت دابین دەکات.
  • ئەو پرۆتۆکۆڵانە دابین دەکات کە ڕێگە بە سۆفتوێرەکان دەدات زانیاری بنێرن و وەری بگرن و داتای مانادار پێشکەش بە بەکارهێنەران بکەن.
  • ئەم چینە وەک پەنجەرەیەک بۆ بەکارهێنەران و پرۆسەکانی بەرنامە کاردەکات بۆ دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی نێتۆرک.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • Telnet
  • DNS
  • DHCP
  • FTP
  • SMTP
  • HTTP
  • NFS
  • SNMP

Presentation Layer

چینى پێشکەشکردن: فۆرماتى داتاکان پێناسە دەکات. هەڵدەستێت بە کردارەکانی کۆدکردن.

چینى پێشکەشکردن چینى شەشەمە لە مۆدێلى (OSI). ئەم چینە بە چینی وەرگێڕانیش ناسراوە، چونکە ئەم چینە وەک وەرگێڕێکی داتا بۆ نێتۆرکێک کاردەکات. ئەو زانیاریانەی کە ئەم چینە لە چینی ئەپڵیکەیشن وەریدەگرێت دەیکات بە فۆرماتێکی تایبەت و پێویست بۆ ئەوەی لە نێتۆرکەکەدا بگوازرێتەوە. بەرپرسیارێتی سەرەکی ئەم چینە دابینکردن یان پێناسەکردنی فۆرمات و کۆدکردنی داتاکانە. هەروەها چینی پێشکەشکردن بە چینی ڕستەسازی ناودەبرێت چونکە بەرپرسیارە لە پاراستنی ڕستەسازی و ڕێکخستنی دروستی داتاکان کە یان وەریدەگرێت یان دەیگوازێتەوە بۆ چینەکانی تر.

  • فۆرماتکردنی چینەکانی پێشکەشکردن و داتا کۆد دەکات بۆ ئەوەی لە سەرانسەری نێتۆرکەکەدا بنێردرێت.
  • ئەم چینە ئاگاداری ئەوە دەبێت کە داتاکان بە شێوەیەک بنێردرێت کە وەرگرەکە لە زانیارییەکان (داتاکان) تێبگات و بتوانێت داتاکان بە شێوەیەکی کارا و کاریگەر بەکاربهێنێت.
  • ئەم چینە پێکهاتەی داتا ئەبستراکتەکان بەڕێوەدەبات و ڕێگە بە پێکهاتەی داتا ئاست بەرزەکان دەدات (نموونە: تۆمارەکانی بانک و زانیارییەکانی بەکارهێنەری بانک)، کە بڕیارە پێناسە بکرێن یان ئاڵوگۆڕ بکرێن.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • Apple Filing Protocol (AFP)
  • Lightweight Presentation Protocol (LPP)
  • NetWare Core Protocol (NCP)
  • Network Data Representation (NDR)
  • External Data Representation (XDR)
  • Secure Socket Layer (SSL)

Session Layer

چینی سیشن: پێنجەم چینە لە مۆدێلی (OSI). ئەم چینە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی ئامێرە جیاوازەکان دەدات کە سیشنی پەیوەندی چالاک لە نێوانیاندا دابمەزرێنن، واتە ئەو پەیوەندییەی کە هەیانە بەردەوام بێت و لە هەردوولا کاربکات. بەرپرسیارە لە دامەزراندن، پاراستن، هاوکاتکردن، کۆتاییهێنان بە دانیشتنەکان (پەیوەندییەکان) لە نێوان بەرنامەکان کە بەکارهێنەر بەکاریان دێنێت. لە چینی دانیشتندا، ئەو بڕە داتایەی هەیە نیشانە دەکرێت تا دواتر تێکەڵ نەبێتو کە دواتر بە شێوەیەکی دروست هاوکات بکرێتەوە.

  • چینی دانیشتن وەک کۆنترۆڵکەرێکی دیالۆگ کاردەکات کە لە ڕێگەیەوە ڕێگە بە سیستەمەکان دەدات لە دۆخی نیوە دوولایەنە یان دۆخی پەیوەندی تەواو دوولایەنە پەیوەندی بکەن.
  • ئەم چینە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی تۆکنەکان، کە لە ڕێگەیەوە ڕێگری دەکات لە دوو بەکارهێنەر کە لە یەک کاتدا دەستیان بگات بە هەمان پڕۆسە.
  • ئەم چینە ڕێگە بە هاوکاتکردن دەدات بە ڕێگەدان بە پرۆسەی زیادکردنی خاڵەکانی پشکنین، کە وەک خاڵەکانی هاوکاتکردن بۆ بڕی داتاکان دادەنرێت.
  • هەروەها ئەم چینە بەرپرسیارە لە پشکنینی پەیوەندییەکان تاوەکوو بزانێت ئایا بەردەوامن یان نا.
  • هەروەها بەرپرسیارە لە هاوکاتکردنی زانیارییەکانی سەرچاوە جیاوازەکان.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • AppleTalk Data Stream Protocol (ADSP)
  • Real-time Transport Control Protocol (RTCP)
  • Point-to-Point Tunneling Protocol (PPTP)
  • Password Authentication Protocol (PAP)
  • Remote Procedure Call Protocol (RPCP)

Transport Layer

چینی گواستنەوە، یان چینی ٤ی مۆدێلی OSI، هاتوچۆی نێتۆرک لە نێوان هۆستەکان و سیستەمی کۆتاییدا کۆنتڕۆڵ دەکات بۆ گەرەنتیکردنی ڕۆیشتنی تەواوی داتاکان. قەبارەی داتا، مەبەست و بڕ هەموویان لەلایەن پرۆتۆکۆڵەکانی چینی گواستنەوەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن لەوانە TCP، UDP، DCCP، و SCTP.

چینی گواستنەوە لە نێوان چینەکانی نێتۆرک و سیشن لە پارادایمی OSI دا جێگیر کراوە. پاکەتەکانی داتا دەبێت لەلایەن چینی نێتۆرکەوە وەربگیرێن و بنێردرێت بۆ ئامێری گونجاو. دوای ئەوە چینی گواستنەوە پاکەتەکان وەردەگرێت و ڕیزیان دەکات و بەدوای هەڵەکاندا دەگەڕێت. دواتر ئاراستەیان دەکات بۆ چینی دانیشتنی بەرنامەی کۆمپیوتەریی گونجاو. ئێستا، پاکەتەکان کە بە شێوەیەکی دروست پێکهاتە کراون لەلایەن چینی دانیشتنەوە بەکاردەهێنرێن بۆ ڕاگرتنی داتاکان بۆ بەرنامەکە.

  • ئەم چینە بەرپرسیارە لە پەیوەندی کۆتایی بە کۆتایی پاکەتەکانی داتا. کۆمەڵێک ئەرکی گرنگ دابین دەکات کە بەرپرسیارن لە گواستنەوەی زانیاری متمانەپێکراو و کارا و ڕێکخراو لە نێوان سیستەمی هۆست لە ژینگەیەکی نێتۆرکدا.
  • ئەم چینە بەکاردێت بۆ بۆ چالاککردنی گواستنەوەی تۆڕی کارامە، کۆی گشتی ئەو زانیاریانەی کە لە چینەکانی سەرەوەدا کاردەکەن وەریدەگرێت و دابەشی دەکات بۆ یەکە بچووکەکان کە بە (سێگمێنت) ناسراون. دواتر هەر چینی گواستنەوە لە لایەنی وەرگر هەڵدەستێت بە پێکەوە لکاندنەوەی ئەم بیتانە و دەیکاتەوە بە داتا ئەسڵییەکەی خۆی.
  • لەو بارودۆخانەدا کە گواستنەوەی زانیاری ڕێکخراو پێویستە، چینی گواستنەوە پەیوەندییەک لە نێوان سەرچاوە و شوێنی مەبەست دروست دەکات. بۆ ئەوەی پارامێتەرەکانی بە ڕێکوپێکی دروست بکرێت و گەرەنتی ئەوە بکرێت کە هەردوو سیستەمەکە ئامادەکراون بۆ گەیاندنی داتا، بەمەش کار بە شتێک دەکات پێی دەوترێت پرۆتۆکۆڵی تەوقەکردن (Handshake) و دادەمەزرێت. کاتێک گواستنەوەی داتا تەواو بوو، چینە گواستنەوە پەیوەندییەکە دادەخات. ئەم پڕۆتۆکۆڵە هەڵدەستێت بە دروستکردنی پەیوەندییەکە و لایەنی بەرانبەر بانگ دەکات و کە دڵنیابوو ئەویش وەڵامی دەداتەوە و ئامادەیە ئەوکات داتاکە دەنێرێت بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی کە دەگات.
  • هەروەها دڵنیایی دەدات لە گواستنەوەی زانیارییە پشتبەستووەکان. ئەمەش بە وەرگرتنی دانپێدانان، یان ACK. ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە کاتێک داتایەک دەنێرێت چاوەڕێ دەکات تاوەکوو لایەنی بەرانبەر دەڵێت (گەیشت دەستخۆش!)، بەمەش نێرەر بەردەوام چاودێری داتاکانی دەکات، کە هەر بەشێکی تێکچوو لەلایەن نێرەرەوە دووبارە دەنێردرێتەوە.
  • ڕێکخستنی لێشاو یان لافاو یەکێکی ترە لە ڕۆڵە گرنگەکانی چینی گواستنەوە. بۆ ئەوەی ڕێگری لە باری زۆری داتاکان بکات و داتا بەجارێک نەڕوات، بەڵکوو پێویستە پێشەکی ڕێکبخرێت و ئامادە بکرێن یەک لەدوای یەک، ئەمەش واتە ڕێژەی گواستنەوەی داتاکان ڕێکدەخات. بە بەکارهێنانی پرۆتۆکۆڵەکانی وەک پرۆتۆکۆڵی (Sliding window) ئەنجام دەدرێت، کە لەلایەن وەرگرەوە ئەنجام دەدرێت و بە نێرەر دەڵێت زۆرترین بڕی داتا چەندە کە دەتوانێت وەریبگرێت.
  • هەردوو کارەکانی (دۆزینەوەی هەڵە و چاککردنەوە) یان (error detection and repair) لەلایەن چینی گواستنەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. هەروەها چێکسەم (Checksum) یەکێکە لەم تەکنیکانە بۆ دیاریکردنی هەڵە. بە حیسابکردن و چەسپاندنی کۆی پشکنینەکان، دەتوانێت دڵنیابێت لەوەی کە ئایا داتاکان لە کاتی گواستنەوەدا دەستکاری کراون یان نا. ڕەنگە چینی گواستنەوە داوای دووبارە گواستنەوە بکاتەوە ئەگەر شتێکی دۆزیەوە هەڵەبوو.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • Transmission Control Protocol(TCP)
  • User Datagram Protocol (UDP)
  • Stream Control Transmission Protocol (SCTP)

Network Layer

چینى نێتۆرک بریتییە لە چینى سێیەم لە خوارەوەى مۆدێلى OSI. یەکێکە لە چینە گرنگەکان کە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە گواستنەوەی داتادا. کاری سەرەکی ئەم چینە پاراستنی کوالێتی داتاکان و تێپەڕاندن و گواستنەوەی لە سەرچاوەکەیەوە بۆ شوێنی مەبەست. هەروەها مامەڵە لەگەڵ ڕاوتیندا دەکات، واتە باشترین ڕێگا هەڵدەبژێرێت بۆ گواستنەوەی داتاکان لە سەرچاوەکەوە بۆ شوێنی مەبەست، نەک تەنها گواستنەوەی پاکەتەکە. چەندین پرۆتۆکۆڵی گرنگ هەیە کە لەم چینەدا کاردەکەن.

داتاکان لە شێوەی پاکەتەکاندا لە ڕێگەی چەندین پڕۆتۆکۆڵی ڕێڕەوەوە ئاڕاستە دەکرێن کە پێیان دەوترێت (پڕۆتۆکۆڵەکانی ڕێڕەوکردن) یان (Routing Protocols).

ئەم چینە خزمەت بە ئەرکە گرنگە جیاوازەکان دەکات لە میکانیزمی گواستنەوەی داتادا. هەروەها بەرپرسیارە لە میکانیزمی ڕێڕەوکردن کە تێیدا باشترین ڕێگا هەڵدەبژێرێت بۆ گواستنەوەی داتاکان لە سەرچاوەوە بۆ شوێنی مەبەست. تەواوی داتاکان دابەش دەکات بۆ پاکەتی بچووکتر کە ڕێکاری گواستنەوەکە ئاسان دەکات. هەروەها بەرپرسیارە لە لکاندنی ناونیشانی لۆژیکی بەو ئامێرانەی کە گواستنەوەی داتا لە نێوانیاندا ڕوودەدات، بۆ ئەوەی پاکەتەکان بگەنە شوێنی مەبەست و شوێنی مەبەست بتوانێت پشتڕاستی بکاتەوە کە هەمان پاکەتەکەیە کە بەدوایدا دەگەڕا.

کارە سەرەکییەکان

زیادکردنی ناونیشانی لۆجیکی

تەنها بەرپرسیارە لە تەرخانکردنی ناونیشانی لۆژیکی بۆ ئەو ئامێرانەی کە یان پاکێتی داتا دەنێرن یان وەریدەگرن. پاکەتەکانی داتا کە دەنێردرێت یان وەردەگیرێن لە ئایپی ئەدرێسی هەردوو ئامێری نێرەر و ئامێری وەرگر پێکدێن. کە بەسوودە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کە پاکەتەکان لەلایەن لایەنە خوازراوەکانەوە دەنێردرێت یان وەرگیراون. لە ئایپیدا دوو بەش هەیە، Host ID و Network ID، بە بەکارهێنانی Host ID دەتوانرێت پشتڕاست بکرێتەوە کە پاکەتەکان لەلایەن نێرەری ڕێگەپێدراوەوە نێردراوە و بە سەرکەوتوویی گەیشتووەتە وەرگری ویستراو.

ڕاوتین

Routing بریتیە لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی باشترین ڕێگا بۆ گواستنەوەی پاکەتەکان، Network Layer نەک تەنها پاکەتەکان لە نێرەرەوە بۆ وەرگر دەنێرێت، بەڵکو باشترین ڕێگا بۆ ناردنیان دیاری دەکات. چەندین ڕاوتەر بەکاردەهێنرێن بۆ زانینی باشترین و سەلامەتترین ڕێگا بۆ گواستنەوەی پاکەتەکانی داتا. ئەلگۆریتمەکانی ڕێڕەوی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێن بۆ دیاریکردنی باشترین ڕێگا، وەک ڕێڕەوی دۆخی بەستەر (Link State Routing Protocol)، ڕێڕەوی ڤێکتەری مەودا (Distance Vector Routing)، بەلێشاوناردن (Flooding)، ڕۆیشتن بە شێوەیەکی هەڕەمەکی (Random Walk) و هتد. هێدەری هەر پاکەتێکی داتا زانیارییەکان سەبارەت بەو ڕێگایە هەڵدەگرێت کە پێویستە پەیڕەوی لێبکەن بۆ گەیشتن بە شوێنی مەبەست لە ڕێگەی ڕاوتەرە جیاوازەکانەوە. بەگشتی چەندین ڕاوتەر لە نێوان نێرەر و وەرگردا هەیە، بۆیە پاکەتەکانی داتا بە بەکارهێنانی هەموو ئەم ڕاوتەرە بەردەستانە ڕێڕەو دەکرێن.

گەیاندن لە هۆستەوە بۆ هۆست

گەیاندنی Host-to-Host کە بە Forwarding ناسراوە ئەو پرۆسەیەیە کە چینی نێتۆرک پاکەتەکانی داتا لە ڕێگەی ڕاوتەرەکانەوە دەگوازێتەوە یان دەینێرێت، دوای دیاریکردنی باشترین ڕێڕەو/ڕێگا. لە هەندێک حاڵەتدا زیاتر لە ڕاوتەرێکی دەوێت بۆ ئەوەی بگاتە شوێنی مەبەست، Network Layer ئاگاداری ئەوانەش دەبێت.

سەبنێتینی لۆجیکی

هەروەها ڕێگە دەدات نێتۆرکێکی گەورەتر دابەش بکرێت بەسەر چەندین نێتۆرکی بچووکتردا. بەمەش یارمەتی ئایپی ئەدرێسەکان دەدات کە بە شێوەیەکی کاراتر بەکاربهێنرێن و بڕێکی کەمتر لە ئایپی ئەدرێس بەفیڕۆ بچێت. هەروەها یارمەتیدەرە بۆ بەڕێوەبردنی نێتۆرکێکی گەورەتر بە شێوەیەکی کاراتر. بەهۆی بچووکتربوونی نێتۆرکەکانەوە، دۆزینەوەی ئامێرەکە ئاسانتر دەبێت ئەگەر هەر کێشەیەک ڕوویدا.

پارچەپارچەبوون و کۆکردنەوە (Fragmentation and Reassembly)

هەر ئامێرێک بڕێکی دیاریکراوی هەیە کە بەپێی ئەوە زۆرترین توانای وەرگرتنی زانیاری دیاری دەکرێت بۆی، کە پێی دەوترێت زۆرترین یەکەی گواستنەوە (MTU). ئەگەر کۆی قەبارەی پاکەتەکانی داتا لەو سنوورە قەبارەیە تێپەڕێنێت، ئەوا ئەو پاکەتانەی داتاکە پارچە دەکرێن بۆ پاکەتی بچووکتر / پارچە پارچە دەکرێن بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ MTU بگونجێن. دوای پارچەپارچەبوون ئەو پاکەتانە دەنێردرێت بۆ وەرگرەکە و لە کۆتایی وەرگردا هەموو ئەو پاکەتە پارچەپارچەکراوانە ڕێکدەخرێنەوە بۆ ئەوەی داتا ڕاستەقینەکان بە ڕێکوپێکی دروستبکرێن. کاری پارچەپارچەبوونەکە لەلایەن ڕاوتەرەکانەوە گرنگی پێدەدرێت.

مامەڵەکردن لەگەڵ هەڵەکان (Error Handling)

هەروەها Network Layer پشکنین بۆ هەڵەکان دەکات و مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. Network Layer تەکنیکە جیاوازەکانی دیاریکردنی هەڵە بەکاردەهێنێت وەکو Cylic Redundancy Check (CRC) , Checksums و هتد. هەروەها مامەڵە لەگەڵ ئەو هەڵانە دەکات بە بەکارهێنانی ڕێگەی جیاواز وەکو Forward Error Correction (FEC)، Hamming Code، Reed-Solomon Codes و دووبارە گواستنەوەی ئەو پاکەتانە کە یان هەڵەن یان نەگەیشتوونەتە وەرگرەکە. پەیامەکانی ACK بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا پاکەتێک بە سەرکەوتوویی گەیشتوەتە وەرگرەکە یان نا، ئەگەر ACKـی نەرێنی هەبێت، ئەوا مانای وایە کە هەندێک هەڵە لەگەڵ پاکەتەکەدا هەیە، وەرگرەکەش داوا لە نێرەرەکە دەکات کە ئەو پاکەتە بنێرێتەوە.

کوالێتی خزمەتگوزاری (QoS)

هەروەها ئاگاداری داتا گرنگەکان یان کوالێتی تایبەتی داتاکان دەبن کە پێویستە سەرەتا بنێردرێت. بە پشتبەستن بە ڕێکخستنەکانی QoS، جۆرە داتا گرنگەکان دیاری دەکات و یەکەمایەتییان (Priority) پێدەدات و دیارییان دەکات کە ئایا پێویستە کامیان بڕوات، بۆ نموونە داتای دەنگ و ڕەنگ گرنگترە لە داتای ناردنی نامەیەک. دڵنیایی دەدات لەوەی کە هیچ دواکەوتنێک لە وەرگرتنی زانیارییە گرنگەکان لە هیچ بارودۆخێکدا نییە.

Network Address Translation (NAT)

هەروەها چینی نێتۆرک ئاگاداری وەرگێڕانی ناونیشانی نێتۆرک (NAT)ـە، واتە هەر ناونیشانێکی ئایپی تایبەت (Private IP Address) دەگۆڕێت بۆ ناونیشانی ئایپی گشتی (Public IP Address) کە پێویستە بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان نێرەر و وەرگر.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • IP
  • IPsec
  • ICMP
  • IGMP
  • GRE

 

Data Link Layer

چینی دووەمە لە مۆدێلی OSI. بەرپرسیارە لە گەیاندنی داتاکان لە نۆدێکەوە بۆ نۆدێکی تر. ڕۆڵە سەرەکییەکەی دڵنیابوونە لە گواستنەوەی زانیاری بەبێ هەڵە. هەروەها DLL بەرپرسیارە لە کۆدکردن و لابردنی کۆد و ڕێکخستنی داتاکانی دەرچوو و هاتوو.

ئەمە بە ئاڵۆزترین چین لە مۆدێلی OSI دادەنرێت چونکە هەموو ئاڵۆزییە بنەڕەتییەکانی هاردوێرەکە لە چینەکانی دیکەی سەرەوە دەشارێتەوە.

دوو چینی لاوەکی هەن کە لەناو ئەم چینە هەن:

Logical Link Control (LLC)

ئەم چینە لاوەکییەی چینی بەستەری داتا مامەڵە لەگەڵ مالتیپلێکسکردن، ڕۆیشتنی داتاکان دەکات لە نێوان بەرنامەکان و خزمەتگوزارییەکانی تردا، و LLC بەرپرسیارە لە دابینکردنی پەیامی هەڵە و دانپێدانانەکان.

Media Access Control (MAC)

ماک کارلێکی ئامێرەکە بەڕێوەدەبات، بەرپرسیارە لە ناونیشانکردنی فرەیمەکان، هەروەها دەستڕاگەیشتن بە میدیای فیزیکی کۆنتڕۆڵ دەکات.

چینى بەستەری داتا زانیاریەکان لە شێوەى پاکەت لە چینى نێتۆرکەوە وەردەگرێت، پاکەتەکان دابەش دەکات بۆ فرەیم و ئەو فرەیمانە بیت بە بیت دەنێرێت بۆ چینی فیزیکی کە لەدوای خۆی دێت.

کارە سەرەکییەکان

فرەیمین (Framing)

ئەو پاکەتەی لە چینی Network وەرگیراوە لە چینی داتا لینکدا بچووکتر دەبنەوە و دەبنە فرەیم. لە لای نێرەرەوە، DLL پاکەتەکان لە چینی Network وەردەگرێت و دابەشیان دەکات بۆ فرەیمی بچووک، پاشان، هەر فرەیمێک بیت بە بیت داتاکە دەنێرێت بۆ چینی فیزیکی. هەروەها هەندێک بیتی تایبەت (بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵە و ناونیشاندان) لە هێدەر و کۆتایی فرەیمەکەدا دەبەستێتەوە بۆ ئەوەی ئاگاداربێت لەوەی هەڵەیەک ڕوو نەدات و ئەگەر ڕوویدا چاکی بکاتەوە. لە کۆتایی وەرگرەکەدا، DLL بیتەکان لە چینە فیزیکییەکان وەردەگرێت و ڕێکیان دەخاتەوە و دەیانکاتەوە بە فرەیم و لەوێشەوە دەینێرێتەوە بۆ چینی سێیەم.

ئەدرێس پێدان

چینی بەستەری داتا ناونیشانی MAC/ ناونیشانی فیزیکی سەرچاوە و مەبەست لە سەردێڕی هەر فرەیمێکدا دادەنێت بۆ دڵنیابوون لە گەیاندنی لە نۆدێکەوە بۆ نۆدێکی تر. MAC address بریتییە لەو ناونیشانە ناوازەیەی هاردوێر کە لە کاتی بەرهەمهێناندا بۆ ئامێرەکە دیاری دەکرێت و دووبارەبوونەوەی نییە، ئەمەش واتە بۆ هەر ئامێرێک تایبەتە بە خۆی.

کۆنترۆڵی هەڵە

داتاکان دەتوانن بەهۆی هۆکاری جیاوازەوە وەکو ژاوەژاو، لاوازبوون و شتی تر تێکبچن. بۆیە، بەرپرسیارێتی چینی بەستەری داتایە هەستێت بە دیاریکردنی هەڵە لە داتا گواستراوەکاندا و ڕاستیان بکاتەوە بە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی دۆزینەوەی هەڵە و ڕاستکردنەوە. DLL بیتەکانی دۆزینەوەی هەڵە (Error Detection) زیاد دەکات بۆ ناو هێدەری فرەیمەکە، بۆ ئەوەی وەرگر بزانێت داتا وەرگیراوەکان ڕاستن یان نا. متمانەپێکردن بۆ چینە فیزیکیەکان زیاد دەکات بە زیادکردنی میکانیزمەکان بۆ دیاریکردن و گواستنەوەی فرەیمی تێکچوو یان ونبوو.

کۆنترۆڵکردنی دەستڕاگەیشتن

کاتێک چەند ئامێرێک هەمان کەناڵی پەیوەندی هاوبەشیان هەیە ئەگەری پێکدادان زۆرە، بۆیە بەرپرسیارێتی DLLـە کە بزانێت کام ئامێر کۆنترۆڵی کەناڵەکەی هەیە و دەتوانرێت CSMA/CD و CSMA/CA بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پێکدادان و لەدەستدانی فرەیمەکان لەناو کەناڵەکە کۆنتڕۆڵ بکات. واتە کاتێک دوو لا دەیانەوێت پێکەوە داتا بنێرن کاری DLLـە کە ڕێکی بخات چۆن بینێرن گەرنا پێکدادان ڕوودەدات و تێکدەچێت.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

  • Synchronous Data Link Protocol (SDLC)
  • High-Level Data Link Protocol (HDLC)
  • Serial Line Interface Protocol (SLIP) for encoding
  • Point to Point Protocol (PPP)
  • Link Access Procedure (LAP)
  • Link Control Protocol (LCP)
  • Network Control Protocol (NCP)

Physical Layer

لە خوارەوەترین چینە لە مۆدێلی (OSI) واتە چینی یەکەمە، کە نوێنەرایەتییەکی فیزیکی و کارەبایی سیستەمەکەیە. پێکهاتووە لە پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی نێتۆرک وەکو پاوەر، کۆنکێکتەر، وەرگر، جۆرەکانی کێبڵ و جۆرەکانی میدیای گواستنەوە. چینی فیزیکی بیتی داتا لە ئامێرێکەوە (وەک کۆمپیوتەر) دەنێرێت بۆ ئامێر(ـەکان)ـی تر. چینی فیزیکی داتا بەشێوەی بیت یان سفر و یەک دەنێرێت.

بەرپرسیارێتییەکان

چینە فیزیکییەکە ڕێژەی داتاکان دەپارێزێت (چەند بیت نێرەر دەتوانێت لە چرکەیەکدا بنێرێت).

  • Synchronizationـی بیتەکان ئەنجام دەدات.
  • یارمەتیدەرە لە بڕیارەکانی Transmission Medium (ئاڕاستەی گواستنەوەی داتا).
  • یارمەتیدەرە لە بڕیارەکانی فیزیکی تۆپۆلۆژی (Mesh, Star, Bus, Ring) (Topology کە لە ڕێگەیەوە دەتوانین ئامێرەکان بە یەکترەوە ببەستینەوە.
  • یارمەتیدەرە لە دابینکردنی بڕیارەکانی Physical Medium و Interface.
  • دوو جۆر ڕێکخستنی ڕێکخستنی Point to Point و ڕێکخستنی Multi-Point دابین دەکات.
  • ڕووکارێک لە نێوان ئامێرەکان (وەک کۆمپیوتەر) و میدیای گواستنەوە دابین دەکات.

پڕۆتۆکۆڵەکانی

بە شێوەیەکی ئاسایی، تێکەڵەیەک لە بەرنامەسازی سۆفتوێر و هاردوێر چینی فیزیکی پێکدێنن. پێکدێت لە چەند پرۆتۆکۆلێک کە کۆنترۆڵی گواستنەوەی داتاکان لەسەر نێتۆرکێک دەکەن. ئەمانەی خوارەوە چەند نموونەیەکن لە پرۆتۆکۆڵەکانی چینی یەکەم:

  • Ethernet with 1000BASE-T
  • Ethernet with 1000BASE-SX
  • Ethernet at 100BaseT
  • Synchronous Digital Hierarchy/Optical Synchronisation
  • Physical-layer variations in 802.11
  • Bluetooth
  • Networking for controllers